بەناوى خوداى گەورە میهرەبان
یەكێتی جیهانیی زانایانی مووسڵمان هاوخەمی خۆی دەردەبڕێ لەگەڵ هەردوو گەلی توركیا و سوریا، ئەوەش لەبەرئەنجامی ڕوودانی ئەو بوومەلەرزەیە كە ئاسەواری مەینەتبار و ئازارگەیەنەری هێنا بەسەریاندا، پرسەو سەرەخۆشی خۆی دەگەیەنێتە هەردوو گەلی برا و داوا دەكات فریاگوزاری خێرایان پێشكەش بكرێ.
یەكێتی داوا لە خوای گەورە دەكات سەبر و ئارامیی ببەخشێ بە كەسوكاری قوربانیان، داوای شیفای بە پەلە دەكەین بۆ زامدارەكان، هەروەها جەخت دەكەین لەسەر فریاكەوتنی لێقەوماوان وەك فەرزێكی شەرعیی.
لە هەمانكاتدا داوا لە دەوڵەتە ئیسلامیەكان و دامەزراوە خێرخوازی و مرۆییەكان و خەڵكانی چاكەكار دەكات هەستن بە ئەركی گەیاندنی فریاگوزاری بەپەلە بۆیان.
یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان هاوخەمی و هاوكاری تەواوەتی خۆی دەردەبڕێ بۆ براكانی لە هەردوو گەلی توركیا و سوریا، كە لە بەرەبەیانی ڕۆژی دوو شەممە كەوتنەبەر بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 7,6 لەسەر پێوەری ڕیختەر لە باشوری توركیا، ئەوە بەپێی ئەو زانیاریانەی كە لەلایەن سەرۆكایەتی بەڕێوەبردنی كارەسات و فریاگوزارییەكانەوە بڵاوكرایەوە.
هاوكات یەكێتی پرسەو سەرەخۆشی خۆی دەگەیەنێتە هەردوو گەلی لێقەوماوی توركیا و سوریا، داوا لە پەروەردگار دەكات قوربانیان بخاتە بەر ڕەحمەتی بەرفراوانی زاتی خۆی و پاداشتی خێریان بداتەوە، جێگایان بەهەشت بێت، فیردەوس بكاتە نەسیبیان، پاداشتی خێری كەسوكار و خۆشەویستانیان بداتەوەو ئارامیی بڕێژێ بەسەر دڵی زامداریاندا، هاوكات شیفای خێرا ببەخشێ بە زامدارەكان، هەردوو وڵاتی توركیا و سوریا بپارێزێ لە هەر بەڵاو خراپەیەك و فەڕو بەرەكەت بڕێژێ بەسەریاندا.
یەكێتی داوا لە دەوڵەتە ئیسلامییەكان و دامەزراوە خێرخوازی مرۆییەكان و كەسانی چاكەكار دەكات هەستن بە ئەركی شەرعیی سەرشانیان لە هاتن بە هانای ئەو لێقەوماوانە و دەستی هاوكاری و یارمەتیان بەشێوەی دەستەجەمعی پێشكەش بكەن، ئەوەش لە ڕێگای كۆكردنەوەی زەكات و خێر و بەخشین و هەر شتێكیترەوە كە دەبێتە مایەی كەمكردنەوەی مەینەتیان، خوای گەورە دەفەرموێ: (إِنَّمَا الْمُؤْمِنُونَ إِخْوَةٌ...)، پێغەمبەری خۆشەویستمان (صلی الله علیە وسلم) دەفەرموێ: ((مثل المؤمنين في توادهم وتراحمهم وتعاطفهم كمثل الجسد إذا أشتكى منه عضو تداعى له سائر الجسد بالسهر والحمى)). بوخاری و موسلیم گێڕاویانەتەوە.
دوو شەممە 16 ڕەجەب 1444ك، ڕێكەوتی 6 شوباتی ساڵی 2023ز
پ. د. عەلی قەرەداغی
ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان
سەرۆكی ڕێكخراوی ڕابیتەی مرۆیی
بۆچوونهکان